Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:49

[1] ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع و هەروەها خاکی گلعاد.

[2] سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو.

[3] نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟»

[4] پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین.

[5] جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد.

[6] منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە.

[7] ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»

[8] ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی.

[9] ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین.

[10] لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بۆ جیاکردنەوەی دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بۆ هێنانی خواردن بۆ سوپا بۆ ئەوەی لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.»

[11] ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە.

[12] جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟

[13] جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.» بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن.

[14] ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە.

[15] نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو.

[16] لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا.

[17] جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون.

[18] جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟» یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.»

[19] ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا.

[20] ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.

[21] نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد.

[22] بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست.

[23] پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.»

[24] ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و

[25] بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون.

[26] ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد.

[27] جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو،

[28] هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.»

[29] ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و

[30] لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست.

[31] نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوورکەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو.

[32] نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.»

[33] ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین.

[34] لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە.

[35] جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون.

[36] ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون. پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە.

[37] ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا.

[38] نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە،

[39] جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە. پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.»

[40] ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت.

[41] ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە.

[42] جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن.

[43] ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە.

[44] جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران.

[45] ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن.

[46] لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون.

[47] بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لە تاشەبەردی ڕیمۆندا مانەوە.

[48] ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن.

ڕابەران — Chapters