[1] ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
[2] ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا.
[3] داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد.
[4] هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
[5] داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
[6] پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت.
[7] داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم.
[8] بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی.
[9] بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم.
[10] ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“
[11] «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی.
[12] کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت.
[13] ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە.
[14] «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت زێڕ و ملیۆنێک تالنت زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت.
[15] کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک
[16] لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»
[17] پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن:
[18] «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ چونکە دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە.
[19] ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»