Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:54

[1] پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»

[2] ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە خودا لەگەڵتدایە.»

[3] بەڵام هەر لەو شەوە فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات: m

[4] «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت،

[5] لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم.

[6] لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘“ m

[7] «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.

[8] لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.

[9] شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،

[10] وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە. m «”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات.

[11] کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.

[12] ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم.

[13] من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو.

[14] بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»

[15] ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.

[16] ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی: m «یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟

[17] ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئایندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم. m

[18] «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.

[19] ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن. m

[20] «ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.

[21] هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.

[22] ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان. m

[23] «ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت، هەروەک فەرمووت ئاوا بکە،

[24] بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت. m

[25] «ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات.

[26] ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.

[27] ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»

یەکەم پوختەی مێژوو — Chapters