Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:09

[1] ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.

[2] هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.

[3] هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت.

[4] داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.

[5] کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.

[6] ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.

[7] پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.

[8] هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.

[9] کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە،

[10] هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.

[11] داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.

[12] ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.

[13] لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.

[14] داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.

[15] یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛

[16] سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ شەڤشا خامەی نهێنی بوو؛

[17] بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان بوو؛ کوڕەکانی داودیش دەستە ڕاستی پاشا بوون.

یەکەم پوختەی مێژوو — Chapters