[1] پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن.
[2] ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.
[3] هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون.
[4] ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان،
[5] ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت،
[6] نۆگە، نەفەگ، یافیع،
[7] ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.
[8] کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن. بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.
[9] ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم.
[10] داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»
[11] ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعلپراچیم و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند، گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا.
[12] هەروەها لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا و سووتێنران.
[13] دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە،
[14] داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە.
[15] کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.»
[16] داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.
[17] بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.