Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:47

[1] ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون.

[2] لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستە ڕاست و دەستە چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:

[3] ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گڤعاتی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤەت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی،

[4] یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و

[5] ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛

[6] ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛

[7] هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.

[8] کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.

[9] عێزەر فەرماندە بوو، عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و

[10] میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و

[11] عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و

[12] یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و

[13] یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.

[14] ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو.

[15] ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

[16] هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە.

[17] داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»

[18] ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی: «بۆ تۆین داود، لەگەڵتداین کوڕەکەی یەسا، ئاشتی، ئاشتیت بۆ ببێت، ئاشتی بۆ یارمەتیدەرانت بێت، چونکە خودات یارمەتیدەرتە.» ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.

[19] کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.»

[20] ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون.

[21] ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون.

[22] هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.

[23] ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:

[24] لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.

[25] لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.

[26] لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو،

[27] لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون.

[28] سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.

[29] لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.

[30] لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.

[31] لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.

[32] لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.

[33] لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.

[34] لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.

[35] لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.

[36] لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.

[37] لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.

[38] هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا.

[39] لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون،

[40] هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.

یەکەم پوختەی مێژوو — Chapters