Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:03

[1] ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.

[2] جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ.

[3] ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە.

[4] حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن.

[5] کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا، هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛ ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»

[6] جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.»

[7] ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»

[8] هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت.

[9] هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات.

[10] بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!»

[11] لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.

[12] بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و

[13] حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن، کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات.

[14] ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سوڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە. شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.

[15] ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە. تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە،

[16] ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا، یەشوع بە گەلی گوت: «هاوار بکەن! چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە!

[17] دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت ، تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە، کە ناردمانن.

[18] بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن.

[19] هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.»

[20] کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا، گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو، هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە، هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت.

[21] شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر، هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد.

[22] یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو: «بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە، هەروەک سوێندتان بۆی خوارد، خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.»

[23] جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.

[24] شارەکەشیان سووتاند و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تێیدا بوو، بەڵام زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی یەزدانەوە.

[25] بەڵام یەشوع ڕاحابی لەشفرۆش و ماڵی باوکی و هەرچی هەیبوو بە زیندووێتی هێشتنییەوە، ئەویش هەتا ئەمڕۆش لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێیە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە کە یەشوع بۆ سیخوڕی ئەریحا ناردبوونی.

[26] لەو کاتەدا یەشوع سوێندی خوارد و گوتی: «لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی هەڵدەستێت و ئەم شاری ئەریحایە بنیاد دەنێتەوە: «بە مەرگی کوڕە نۆبەرەکەی بناغەکانی دادەنێت و بە مەرگی بچووکەکەی دەرگاکانی دادەمەزرێنێت.»

[27] یەزدانیش لەگەڵ یەشوع بوو و ناوبانگی بە هەموو خاکەکەدا بڵاو بووەوە.

یەشوع — Chapters