Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:57

[1] ئەوە بوو گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکان هاتنە لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی دیکەی نەوەی ئیسرائیل،

[2] لە شیلۆ لە خاکی کەنعان لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: «یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی داوە کە چەند شارۆچکەیەکمان پێبدرێت بۆ نیشتەجێبوون لەگەڵ لەوەڕگاکانیان بۆ ئاژەڵی ماڵیمان.»

[3] بەپێی فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیلیش لە میراتەکەی خۆیان ئەم شارۆچکانە و لەوەڕگایانەیان دایە لێڤییەکان:

[4] جا تیروپشک بۆ خێڵەکانی قەهاتییەکان کرا، لێڤییەکان کە لە نەوەی هارونی کاهین بوون بە تیروپشک سێزدە شارۆچکەیان بەرکەوت لە هۆزی یەهودا و هۆزی شیمۆن و هۆزی بنیامین.

[5] بۆ پاشماوەی نەوەی قەهاتیش دە شارۆچکە بە تیروپشک لە خێڵەکانی هۆزی ئەفرایم و هۆزی دان و نیوەی هۆزی مەنەشەیان بەرکەوت.

[6] بۆ نەوەی گێرشۆنیش سێزدە شارۆچکەیان بە تیروپشک بەرکەوت، لە خێڵەکانی هۆزی یەساخار و هۆزی ئاشێر و هۆزی نەفتالی و نیوەی هۆزی مەنەشە لە باشان.

[7] بۆ نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان دوازدە شارۆچکەیان بەرکەوت، لە هۆزی ڕەئوبێن و گاد و زەبولون.

[8] جا نەوەی ئیسرائیل بە تیروپشک ئەم شارۆچکە و لەوەڕگایانەیان بە لێڤییەکان دا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دابوو.

[9] لە هۆزی نەوەی یەهودا و هۆزی نەوەی شیمۆن ئەم شارۆچکانەیان دا کە ئەمانە ناوەکانیان بوون،

[10] جا ئەم شارۆچکانە بۆ نەوەی هارون دیاری کرا لە خێڵەکانی قەهاتییەکان لە نەوەی لێڤی، چونکە تیروپشکی یەکەم بۆ ئەوان بوو:

[11] قیریەت ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا لەگەڵ لەوەڕگاکانی دەوروبەری،

[12] بەڵام کێڵگەکان و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان بە کالێبی کوڕی یەفونە دا وەک موڵکی خۆی.

[13] بە نەوەی هارونی کاهین حەبرۆن و لەوەڕگاکانیان دا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ لیڤنا،

[14] یەتیر، ئەشتەمۆع،

[15] حۆلۆن، دەڤیر،

[16] عەین، یوتا و بێت‌شەمەش، نۆ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە لەم دوو هۆزە .

[17] لە هۆزی بنیامینیش گبعۆن و گەڤەع و

[18] عەناتۆت و عەلمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[19] هەموو شارۆچکەکانی نەوەی هارون کە کاهینەکانن، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[20] پاشماوەی خێڵەکانی قەهات لە لێڤییەکان، بە تیروپشک ئەم شارۆچکانەیان لە هۆزی ئەفرایم بەرکەوت:

[21] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم شارۆچکەی شەخەمیان پێدرا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ گەزەر و

[22] قیڤچەیم و بێت‌حۆرۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[23] لە هۆزی دانیش ئەمانەیان وەرگرت: ئەلتەقێ و گیبەتۆن و

[24] ئەیالۆن و گەت ڕیمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[25] لە نیوەی هۆزی مەنەشەش ئەمانەیان وەرگرت: تەعنەک و گەت ڕیمۆن، دوو شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[26] هەموو شارۆچکەکان دە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە بۆ پاشماوەی خێڵەکانی نەوەی قەهات بوو.

[27] بۆ نەوەی گێرشۆنیش لە خێڵەکانی لێڤییەکان: لە نیوەی هۆزی مەنەشەوە: گۆلان و لەوەڕگاکانی پێدرا لە باشان، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ بەعەشتەرا و لەوەڕگاکانی، دوو شارۆچکە.

[28] لە هۆزی نەوەی یەساخاریش ئەمانەیان وەرگرت: قیشیۆن و داڤەرەت و

[29] یەرموت و کانی گەنیم، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[30] لە هۆزی نەوەی ئاشێریش ئەمانەیان وەرگرت: میشال و عەڤدۆن و

[31] حەلقەت و ڕەحۆڤ، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[32] لە هۆزی نەفتالیش ئەمانەیان وەرگرت: قەدەش، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە جەلیل، لەگەڵ حەمۆت دۆر و قەرتان، سێ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[33] هەموو شارۆچکەکانی گێرشۆنییەکان بەگوێرەی خێڵەکانیان، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[34] بۆ خێڵەکانی نەوەی مەراریش کە پاشماوەی لێڤییەکانن: لە هۆزی زەبولون ئەمانەیان پێدان: یۆقنەعام و قەرتا و

[35] دیمنا و نەهەلال، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[36] لە هۆزی ڕەئوبێنیش ئەمانەیان پێدان: بەچەر و یەهەچ و

[37] قەدێمۆت و مێفەعەت، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[38] لە هۆزی گادیش ئەمانەیان وەرگرت: ڕامۆت، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە گلعاد، لەگەڵ مەحەنەیم و

[39] حەشبۆن و یەعزێر، هەموو شارۆچکەکان بە لەوەڕگاکانیانەوە چوار شارۆچکە بوون.

[40] جا هەموو ئەو شارۆچکانەی بۆ نەوەی مەراری بوون بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەوانەی لە خێڵەکانی لێڤییەکان مابوونەوە، تیروپشکەکەشیان دوازدە شارۆچکە بوو.

[41] هەموو شارۆچکەکانی لێڤییەکان لەناو ئەو موڵکەی نەوەی ئیسرائیل خاوەنی بوون، چل و هەشت شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.

[42] ئەم شارۆچکانەش شار بە شار بوون و لەوەڕگاکانیشیان بە چواردەوریاندا بوو، هەموو ئەم شارۆچکانە وابوون.

[43] جا یەزدان هەموو ئەو زەوییەی دایە نەوەی ئیسرائیل کە سوێندی خواردبوو بیداتە باوباپیرانیان، ئەوانیش دەستیان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون.

[44] هەروەها یەزدان لە دەوروبەرەکەیان ئاسوودەی کردن بەپێی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئەوانی خوارد، تەنها پیاوێکیش لە هەموو دوژمنەکانیان بەرامبەریان نەوەستا، بەڵکو یەزدان هەموو دوژمنەکانی ئەوانی دایە دەستیان.

[45] هیچ بەڵێنێک لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان بە بنەماڵەی ئیسرائیلی فەرمووبوو نەشکاوە، بەڵکو هەمووی هاتە دی.

یەشوع — Chapters