[1] ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و
[2] ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا،
[3] کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەموری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا.
[4] جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە.
[5] ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.
[6] یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان دەبڕیتەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر دەسووتێنیت.»
[7] ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان.
[8] یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت.
[9] یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، جومگە پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.
[10] ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا، چونکە پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو.
[11] هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.
[12] ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو.
[13] بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند.
[14] نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە.
[15] هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
[16] جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی،
[17] لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعلگاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی.
[18] یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا،
[19] هیچ شارێک نەبوو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت،
[20] چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
[21] لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن.
[22] جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە.
[23] ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا. ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.