Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:47

[1] ئینجا کاتێک ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بیستییەوە کە یەشوع شاری عایی گرتووە و بە تەواوی قڕی کردووە ، ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەی کرد، هەمان شتی بە عای و پاشاکەی کردووە، دانیشتووانی گبعۆنیش پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە و لە نزیکیان دەژین؛

[2] زۆر ترسا، چونکە گبعۆن شارێکی گەورە بوو، وەک یەکێک لە شارە پاشانشینەکان و لە عای گەورەتر بوو، هەموو پیاوەکانیشی پاڵەوان بوون.

[3] ئینجا ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بەدوای هۆهامی پاشای حەبرۆن و پیرامی پاشای یەرموت و یافیعی پاشای لاخیش و دەڤیری پاشای عەگلۆنیدا نارد و گوتی:

[4] «سەربکەون بۆ لام و یارمەتیم بدەن، لە گبعۆن دەدەین، چونکە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ یەشوع و نەوەی ئیسرائیلدا بەستووە.»

[5] ئینجا هەر پێنج پاشای ئەمورییەکان کۆبوونەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن، خۆیان و هەموو سوپاکانیان سەرکەوتن و چادریان هەڵدا لە دژی گبعۆن و جەنگیان لە دژی بەرپا کرد.

[6] جا دانیشتووانی گبعۆن بەدوای یەشوعدا ناردیان بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال، پێیان گوت: «دەست لە خزمەتکارەکانت بەرمەدە. بە پەلە سەربکەوە بۆ لامان، ڕزگارمان بکە و یارمەتیمان بدە، چونکە هەموو پاشاکانی ئەمورییەکان ئەوانەی لە ناوچەی شاخاویدا نیشتەجێن لە دژمان گەلەکۆمەیان لێکردووین.»

[7] بۆیە یەشوع لە گلگالەوە لەگەڵ هەموو سوپاکە و جەنگاوەرە قارەمانەکان سەرکەوتن.

[8] یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە ئەوانەم داوەتە دەست تۆ، کەسیان ناتوانێت لەبەردەمت ڕابوەستێت.»

[9] یەشوع بە درێژایی ئەو شەوە لە گلگالەوە سەرکەوت و لەناکاو بۆیان هات.

[10] یەزدانیش لەبەردەم ئیسرائیلدا سەری لێ شێواندن، لە گبعۆن لێدانێکی گەورەی لێدان و بە ڕێگای هەورازی بێت‌حۆرۆندا ڕاوی نان، هەتا عەزێقا و مەقێدا لێیدان.

[11] هەروەها کاتێک لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵدەهاتن و لە نشێوەکەی بێت‌حۆرۆن بوون، یەزدان لە ئاسمانەوە بە تەرزەی گەورە لێیدان هەتا گەیشتنە عەزێقا و مردن. ئەوانەی کە بە تەرزە مردن زیاتر بوون لەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل بە شمشێر کوشتیانن.

[12] لەو ڕۆژەدا کە یەزدان ئەمورییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیل، یەشوع لەگەڵ یەزداندا دوا، لەبەرچاوی ئیسرائیلدا گوتی: «ئەی خۆر بەسەر گبعۆنەوە ڕابوەستە و ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیالۆنەوە.

[13] جا خۆر ڕاوەستا و مانگیش وەستا هەتا گەل تۆڵەیان لە دوژمنەکانیان سەندەوە.» ئایا ئەمە لە پەڕتووکی یاشاردا نەنووسراوە؟ جا خۆر لەناو جەرگەی ئاسماندا ڕاوەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوابوون پەلەی نەکرد.

[14] وەک ئەو ڕۆژە قەت نەبووە، نە لەپێشی و نە لەپاشی کە یەزدان ئاوا گوێ لە دەنگی کەسێک بگرێت، چونکە یەزدان بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەجەنگا!

[15] ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.

[16] پێنج پاشاکەش هەڵاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردەوە.

[17] جا بە یەشوع ڕاگەیەنرا و گوترا کە پێنج پاشاکە لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردووەتەوە،

[18] یەشوعیش گوتی: «بەردی گەورە بۆ سەر دەمی ئەشکەوتەکە تل بکەنەوە و چەند پیاوێکی بەدیارەوە دابنێن بۆ چاودێرییان.

[19] ئێوەش مەوەستن، بەڵکو دوای دوژمنەکانتان بکەون و لە پشتەوە لێیان بدەن، مەهێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی داوەتە دەستتان.»

[20] ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل تەواو بوون لە لێدانیان بە گورزێکی جەرگبڕ هەتا لەناوچوون و ئەوانەی لێیان هەڵاتن چوونە ناو شارە قەڵابەندەکانەوە،

[21] هەموو سوپا بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە مەقێدا. کەس نەبوو لە دژی نەوەی ئیسرائیل زمان درێژ بکات.

[22] ئینجا یەشوع گوتی: «دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایەم لە ئەشکەوتەکەوە بۆ بهێنە دەرەوە.»

[23] ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد و ئەو پێنج پاشایەیان لە ئەشکەوتەکەوە بۆ هێنایە دەرەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن.

[24] جا کە پاشاکانیان بۆ یەشوع هێنایە دەرەوە، یەشوع هەموو پیاوانی ئیسرائیلی بانگکرد و بە فەرماندەکانی سوپای گوت، ئەوانەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتبوون، «وەرنە پێشەوە و قاچتان لەسەر ملی ئەم پاشایانە دابنێن.» ئەوانیش چوونە پێش و قاچیان لەسەر ملیان دانا.

[25] ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازا بن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.»

[26] ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی، هەر پێنجیانی لەسەر پێنج دار هەڵواسی، هەتا ئێوارە بە هەڵواسراوی لەسەر دارەکان مانەوە.

[27] پاشان لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا، ئینجا لە دارەکان دایانگرتن و فڕێیان دانە ئەو ئەشکەوتەی خۆیان تێیدا شاردبووەوە، چەند بەردێکی گەورەشیان خستە سەر دەمی ئەشکەوتەکە، هەتا ئەمڕۆش لەوێن.

[28] هەر لەو ڕۆژەدا یەشوع مەقێدای گرت و دایە بەر زەبری شمشێر، پاشاکەی و هەموو گیانێکی تێدا بە تەواوی قڕکرد. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشای مەقێدا کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.

[29] ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل لە مەقێداوە تێپەڕین بۆ لیڤنا، لە دژی لیڤنا جەنگان.

[30] یەزدان شارەکەی لەگەڵ پاشاکەی دایە دەست ئیسرائیل و بە شمشێر لێیدا، لە خۆی و هەموو گیانێک کە تێیدا بوو. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشاکەی کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.

[31] پاشان یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا لە لیڤنایەوە تێپەڕین بۆ لاخیش، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.

[32] یەزدان لاخیشی دایە دەست ئیسرائیل، لە ڕۆژی دووەمدا یەشوع گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ هەر گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، هەروەک چۆن یەشوع بە لیڤنای کردبوو.

[33] لەو کاتەدا هۆرامی پاشای گەزەر بۆ پاڵپشتیکردنی لاخیش سەرکەوتبوو، بەڵام یەشوع لە خۆی و لەشکرەکەی دا و کەسی لێیان نەهێشت.

[34] ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە لاخیشەوە تێپەڕین بۆ عەگلۆن، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان.

[35] هەر لەو ڕۆژەدا گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، هەر لەو ڕۆژەدا هەموو گیانێکی زیندوویان تێدا بە تەواوی قڕکرد، بە دەردی لاخیشیان برد.

[36] ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە عەگلۆنەوە سەرکەوتن بۆ حەبرۆن و لە دژی جەنگان،

[37] گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و هەموو گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، کەسی لێیان نەهێشت، بە دەردی عەگلۆنیان برد، جا خۆی و هەموو گیانێکی زیندووی بە تەواوی قڕکرد کە تێیدا بوو.

[38] ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ دەڤیر و لە دژی جەنگان و

[39] گرتیان، خۆی و پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و دایانە بەر زەبری شمشێر و هەرچی گیانی زیندووی تێدابوو بە تەواوی قڕیان کرد، کەسی لێیان نەهێشت، دەڤیر و پاشاکەی بە دەردی حەبرۆن و پاشاکەی برد، هەروەک چی بە لیڤنا و پاشاکەی کردبوو.

[40] جا یەشوع هەموو خاکی ناوچە شاخاوییەکە و نەقەب و زوورگەکانی خۆرئاوا و قەدپاڵەکانی لەگەڵ هەموو پاشاکانیانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و کەسی لێیان نەهێشت، بەڵکو بە تەواوی هەموو هەناسەدانێکی لێ بڕی، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی دابوو.

[41] یەشوع هەر لە قادێش بەرنێعەوە هەتا غەزە لێیدان، لە هەموو ناوچەی گۆشەن هەتا گبعۆن.

[42] یەشوع هەموو ئەو پاشایانە و خاکەکەیانی بە یەک جار گرت، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل جەنگا.

[43] ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا گەڕایەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.

یەشوع — Chapters