[1] ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە.
[2] بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو.
[3] جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟
[4] لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام.
[5] بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە.
[6] ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم.
[7] بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.»
[8] کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن، گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.»
[9] ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ.
[10] یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.
[11] ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو. i1
[12] سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێتئاڤن.
[13] ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێتئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێتحۆرۆنی خواروو. i1
[14] ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێتحۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو. i1
[15] لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح.
[16] سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەنهینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای بناری یەبوسییەکاندا لەلای باشوورەوە، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل.
[17] ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن.
[18] بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێتعەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا.
[19] سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێتحۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە. i1
[20] سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
[21] شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون: i1 ئەریحا، بێتحۆگلە، عێمەق قەچیچ،
[22] بێتعەراڤا، چەمارایم، بێتئێل،
[23] عەڤیم، پارا، عۆفرا،
[24] کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە. i1
[25] گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت،
[26] میچپا، کەفیرا، مۆچە،
[27] ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا،
[28] چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، چواردە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە. ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.