[1] لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
[2] بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
[3] کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی ، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی پاکسازیی بۆ گوناه کرد لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
[4] بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
[5] ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: [تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت] ؟ هەروەها: [من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من] ؟
[6] دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت: [با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.]
[7] لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ: [خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن، خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.]
[8] بەڵام لەبارەی کوڕەکە: [ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
[9] تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپە بووەوە، بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.]
[10] هەروەها: [تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
[11] ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
[12] وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن، بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.]
[13] ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: [لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت] ؟
[14] ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟