[1] باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین،
[2] چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
[3] بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
[4] بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد . بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
[5] بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی . پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە.
[6] بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
[7] بە باوەڕ نوح، کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ئاگادارکردنەوەکەی خستە دڵییەوە و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی ماڵەکەی. بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
[8] بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت.
[9] بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێنپێدراودا نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون،
[10] چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
[11] بە باوەڕی ئیبراهیم، خودی سارا هەرچەندە نەزۆک بوو، توانای سکوزانی پێدرا، هەرچەندە تەمەنی ئاسایی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیابوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە.
[12] بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات .
[13] هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن.
[14] ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن.
[15] ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو.
[16] بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
[17] بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی،
[18] هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.]
[19] ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.
[20] بە باوەڕ ئیسحاق داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.
[21] بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد .
[22] بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن .
[23] بە باوەڕ کاتێک موسا لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.
[24] بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت.
[25] بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت.
[26] موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە.
[27] بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت وەک ئەوە ببینێ کە نەبینراوە.
[28] بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە دەستیان لێ بدات.
[29] بە باوەڕ بە دەریای سووردا پەڕینەوە وەک بە وشکانیدا بڕۆن، بەڵام کاتێک میسرییەکان ویستیان بپەڕنەوە نوقوم بوون.
[30] بە باوەڕ شووراکانی ئەریحا ڕووخان ، دوای ئەوەی حەوت ڕۆژ بە دەوریدا سووڕانەوە.
[31] بە باوەڕ ڕاحابی لەشفرۆش لەگەڵ یاخیبووان لەناونەچوو، چونکە پێشوازییەکی ئاشتییانەی لە سیخوڕەکان کرد.
[32] چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم،
[33] کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکەیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست،
[34] هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر ڕایانکرد، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە.
[35] هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت.
[36] هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە.
[37] بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون.
[38] جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
[39] هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت،
[40] چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.