Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:31

[1] هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات.

[2] دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە.

[3] لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.

[4] کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد.

[5] بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆک کاهین، بەڵکو خودا پێی فەرموو: [تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.]

[6] وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ: [هەتاهەتایە تۆ کاهینیت، لە پلەی مەلکیسادق ‏.]

[7] عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا.

[8] هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و

[9] لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن.

[10] ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆک کاهین ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.

[11] لەم بارەیەوە قسەمان زۆرە بیکەین، بەڵام ڕوونکردنەوەی زەحمەتە، چونکە گوێتان گران بووە.

[12] هەرچەندە دەبووایە ئێوە ئێستا مامۆستا بوونایە، پێویستتان بە کەسێکە دیسان بنەما سەرەکییەکانی وشەی خوداتان فێر بکات. واتان لێ هاتووە پێویستتان بە شیر بێت نەک خۆراکی بەهێز.

[13] هەر یەکێک شیرەخۆرە بێت ئەوا لە فێرکردنی ڕاستودروستی ڕانەهاتووە، چونکە ساوایە.

[14] بەڵام خۆراکی بەهێز بۆ ئەوانەیە کە پێگەیشتوون، ئەوانەی کە بە بەردەوامی مەشقیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چاکە و خراپە جیا بکەنەوە.

نامە بۆ عیبرانییەکان — Chapters