Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:22

[1] با خۆشەویستی برایانە بچەسپێت.

[2] میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە.

[3] یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، زۆرلێکراوانیش وەک خۆتان لەگەڵ ئەودا زۆرلێکراو بن.

[4] با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات.

[5] با ژیانتان بێ خۆشەویستی پارە بێت، ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی: [هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم.]

[6] کەواتە بە متمانەوە دەڵێین: [یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم. مرۆڤ چیم لێ دەکات؟]

[7] ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە.

[8] عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.

[9] مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات ، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین.

[10] ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.

[11] سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلەشەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن .

[12] لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات.

[13] کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین.

[14] لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.

[15] لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانی ئێمەیە بۆ خودا.

[16] هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

[17] گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە شەوارەتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.

[18] نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت.

[19] زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.

[20] با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان،

[21] بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

[22] خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون.

[23] بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین.

[24] سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن. باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن.

[25] با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت.

نامە بۆ عیبرانییەکان — Chapters