[1] لەبەر ئەوە، چونکە ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمانە دانراوە.
[2] با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت.
[3] با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.
[4] لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێن ڕشتن بەرگریتان نەکردووە.
[5] ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت: [ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
[6] چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات، هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.]
[7] کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟
[8] ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین.
[9] سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟
[10] چونکە باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین.
[11] هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.
[12] کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن،
[13] [ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،] تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.
[14] کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت.
[15] ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو بێت.
[16] ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت .
[17] دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.
[18] ئێوە نەهاتوونەتە لای شاخێک دەستی لێ بدرێت، لای ئاگرێکی بەتین، لای تاریکی، لای تەم، لای گەردەلوول،
[19] لای دەنگی کەڕەنا، لای دەنگی قسەکردنێک وا لە گوێگران بکات بپاڕێنەوە ئیتر ئەم قسانەیان بۆ نەکرێت،
[20] لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بەرگەی فەرمانەکانی خودا بگرن: [تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش دەستی بەر ئەو کێوە بکەوێ، دەبێ بەردباران بکرێت.]
[21] دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، موسا گوتی: [من لە ترسان دەلەرزم.]
[22] بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە،
[23] بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون،
[24] بۆ لای عیسا، ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، بۆ خوێنێکی پرژێنراو کە لە خوێنی هابیل باشتر دەدوێت.
[25] ئاگاداربن قسەکەرەکە ڕەت مەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانەی قسەکەری سەر زەوییان ڕەتکردەوە دەرباز نەبووبن، ئایا چەند کەمتر ئێمە دەرباز دەبین کە لە قسەکەری ئاسمان هەڵگەڕاینەوە؟
[26] ئەوسا دەنگی خودا زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا بەڵێنی داوە و دەفەرموێ: [جارێکی دیکە نەک تەنها زەوی دەهەژێنم، بەڵکو ئاسمانیش.]
[27] وشەی «جارێکی دیکە» ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئەو شتانەی کە دەهەژێن، واتە شتە دروستکراوەکان، تاکو ئەو شتانەی کە ناهەژێن بمێننەوە.
[28] لەبەر ئەوە، با سوپاسگوزار بین چونکە شانشینێک وەردەگرین کە ناهەژێت، بەهۆیەوە بە شێوازێکی پەسەند بە ترس و ڕێزەوە خودا بپەرستین،
[29] چونکە [خودامان ئاگرێکی بێ ئامانە.]