[1] بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا،
[2] فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی.
[3] ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.
[4] ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز،
[5] هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە،
[6] ئەگەر هەڵگەڕانەوە ، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.
[7] لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانەی خواردەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێک دەدات کە گونجاوە بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە فەڕی دەبێت.
[8] بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی بەرهەم هێنا، ئەوا پووچ و نزیکە نەفرەتە، کۆتاییەکەی سووتانە.
[9] خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری.
[10] خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن.
[11] ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا تاکو کۆتایی،
[12] تاکو تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.
[13] کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات،
[14] فەرمووی: [بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت چەندبارە دەکەم.]
[15] بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.
[16] خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە.
[17] خودا سوێندی خوارد چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات.
[18] خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، ئێمە کە پەنامان بۆ ئەو بردووە، بە دڵنەوایی زۆرەوە دەستبگرین بەو هیوایەی کە لەپێشمانی داناوە.
[19] ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە،
[20] لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆک کاهین، لە پلەی مەلکیسادق.