[1] لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و
[2] خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:
[3] با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
[4] هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم،
[5] چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە.
[6] نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین.
[7] ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.
[8] بۆیە هەرچەندە بەهۆی مەسیحەوە مافم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم،
[9] بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم،
[10] داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا.
[11] پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.
[12] ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە.
[13] حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنی مەسیح بکات.
[14] بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی تۆ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری.
[15] لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوور کەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات،
[16] جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و لەگەڵ عیسای مەسیح وەک برا هاوبەشن.
[17] لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە.
[18] ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە.
[19] من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی.
[20] برا گیان، لە پێناوی گەورەمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە.
[21] ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.
[22] لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.
[23] ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات،
[24] هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.
[25] با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.