Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:56

[1] یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن،

[2] قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن.

[3] پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەس و چێژێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو.

[4] بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت،

[5] نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین،

[6] ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان بە دڵفراوانی بەسەرمانیدا ڕشت،

[7] تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر.

[8] ئەم قسەیە ڕاستە. سەبارەت بەم شتانە دەمەوێ سووربیت، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هێنا بایەخ بەوە بدەن کە بۆ کرداری چاک خۆیان تەرخان بکەن. ئەم شتانە باش و سوودبەخشە بۆ خەڵک.

[9] بەڵام لە گفتوگۆی گێلانە و ڕەچەڵەک و ناکۆکی و شەڕ لەسەر تەورات دووربکەوە، چونکە بێ سوود و پووچە.

[10] ناکۆکیکار ئاگادار بکەوە، لەدوای جارێک و دووان، لێی دووربکەوە.

[11] دەزانیت کەسانی وەک ئەو، لادەر و گوناهبارە و خۆی حوکمی بەسەر خۆیدا داوە.

[12] کاتێک ئەرتیماس یان تیخیکۆس دەنێرمە لات، کۆشش بکە لە نیکۆپۆلیس وەرە لام، چونکە بەتەمام لە زستاندا لەوێ بم.

[13] هەوڵ بدە زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بنێری، تاکو پێویستیان بە هیچ نەبێت.

[14] پێویستە خەڵکەکەمان فێربن کە خۆیان بۆ کرداری چاک و پێداویستییە گرنگەکان تەرخان بکەن، تاکو بێ بەرهەم نەبن.

[15] هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان سڵاوت لێدەکەن. سڵاو لەوانە بکە کە لە باوەڕدا ئێمەیان خۆشدەوێت. با نیعمەت لەگەڵ هەمووتان بێت.

نامەی پۆڵس بۆ تیتۆس — Chapters