Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:20

[1] بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت.

[2] پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن.

[3] هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵام شتی چاک فێری خەڵکی بکەن،

[4] تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت،

[5] ژیر، پاک، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن، ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت.

[6] بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن.

[7] لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە،

[8] با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.

[9] کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە،

[10] هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە.

[11] نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات.

[12] ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە،

[13] لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح،

[14] ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.

[15] بەمانە بدوێ، هانبدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشت بکە. کەس بە کەمت نەزانێت.

نامەی پۆڵس بۆ تیتۆس — Chapters