[1] موسا وەڵامی دایەوە و گوتی: «گریمان بڕوایان پێ نەکردم و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، بەڵکو بڵێن ”یەزدان بۆت دەرنەکەوتووە.“»
[2] یەزدانیش پێی فەرموو: «ئەوە چییە لە دەستت؟» ئەویش گوتی: «گۆچان.»
[3] فەرمووی: «فڕێیبدە سەر زەوی.» ئەویش فڕێیدایە سەر زەوی و بوو بە مار. ئیتر موسا لەبەری هەڵات.
[4] ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەست درێژبکە و کلکی بگرە.» جا دەستی درێژکرد و گرتی، بووەوە بە گۆچان لە دەستی.
[5] «بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە یەزدان بۆت دەرکەوتووە، خودای باوکانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»
[6] هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «دەستت بخەرە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول بووە، وەک بەفرە.
[7] ئینجا فەرمووی: «دەستت بخەرەوە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەک هەموو بەشەکانی لەشی لێهاتووەتەوە.
[8] «بەم شێوەیە ئەگەر بڕوایان پێ نەکردیت و گرنگی بە نیشانەی یەکەم نەدا، ئەوا گرنگی بە نیشانەی دووەم دەدەن.
[9] بەڵام ئەگەر بڕوایان بەو دوو نیشانەیە نەکرد و گوێیان لە قسەکانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێک لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشکانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشکانی دەبێتە خوێن.»
[10] موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»
[11] یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟
[12] ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»
[13] بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»
[14] تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت.
[15] لەگەڵی دەدوێیت و وتەکانم دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن.
[16] ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا.
[17] ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»
[18] ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.» یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»
[19] یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.»
[20] ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.
[21] یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرجووەکان کە لە دەستی تۆم داناوە و لەبەردەم فیرعەون ئەنجامیان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن.
[22] بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە،
[23] پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»
[24] ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات و ویستی بیکوژێت.
[25] بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی دا، گوتی: «چونکە تۆ زاوای خوێنی بۆ من.»
[26] ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.
[27] یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد.
[28] ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی پێدابوو.
[29] موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە.
[30] هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد.
[31] ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.