Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:52

[1] ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»

[2] ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن.

[3] هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا.

[4] ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا

[5] و پێیان گوت: «گەل لە پێویستی ئەو کارەی خزمەت کە یەزدان فەرمانی بە دروستکردنی کردووە زیاتر دەهێنن.»

[6] ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا، گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت دروستنەکەن بۆ پیتاک بۆ پیرۆزگا.» جا گەل لە هێنان وەستان،

[7] کەرەستەکانیش بەشی هەموو کارێکی کردن بۆ ئەوەی بیکەن و زیاتریش بوو.

[8] هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن.

[9] درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان.

[10] پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە بەسترانەوە.

[11] ئەڵقەشی لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتی بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد.

[12] پەنجا ئەڵقەی بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون.

[13] پەنجا فاقی زێڕیشی دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.

[14] هەروەها ڕەشماڵێکی لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنی پێ گرت.

[15] درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ و پانی چوار باڵ بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە.

[16] پێنجی لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە.

[17] پەنجا ئەڵقەی لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم.

[18] پەنجا فاقی بڕۆنزیشی دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە.

[19] پۆشەرێکیشی لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.

[20] چوارچێوەشی لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد.

[21] درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.

[22] دوو زمانەشی بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوای کرد.

[23] چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیانی لەلای باشوور دروستکرد،

[24] چل بنکەی زیویشی لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی.

[25] بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد.

[26] چل بنکەی زیویشی هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.

[27] بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە،

[28] دوو چوارچێوەشی بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد.

[29] لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوای کرد.

[30] ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.

[31] پێنج کاریتەشی لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد،

[32] پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا.

[33] کاریتەکەی ناوەڕاستیشی وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر.

[34] چوارچێوەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستی کرد، کاریتەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.

[35] پەردەیەکیشی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستکرد.

[36] چوار کۆڵەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشی بۆ داڕشتن.

[37] پەردەی دەروازەشی بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک،

[38] پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.

دەرچوون — Chapters