Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:28

[1] «کاتێک کەسێک گایەک یان بەرخێک دەدزێت، سەری بڕی یان فرۆشتی، ئەوا پێنج مانگا لە جێی گایەکە و چوار مەڕیش لە جێی بەرخەکە دادەتەوە.

[2] «ئەگەر دزەکە بە شەو بینرا خەریکی بڕین بوو و لێی درا و مرد، ئەوا مافی خوێنی نییە،

[3] بەڵام ئەگەر دوای خۆر هەڵاتن بوو ئەوا مافی خوێنی هەیە. «دزێک دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئەگەر نەبوونیش بوو ئەوا دەفرۆشرێت.

[4] «ئەگەر ئاژەڵە دزراوەکەی لە دەست گیرا لە گایەکەوە هەتا گوێدرێژێک و هەتا بەرخێک و زیندوو بن، ئەوا دووان لە جێیان دەداتەوە.

[5] «کاتێک یەکێک کێڵگەیەک یان ڕەزە مێوێک بکات و ماڵاتی خۆی بەردا و لەناو کێڵگەی یەکێکی دیکە لەوەڕین، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی و لە باشترینی بەری ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.

[6] «کاتێک ئاگر دەرپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.

[7] «کاتێک یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دادەنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە.

[8] بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە.

[9] لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.

[10] «کاتێک یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی،

[11] ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات.

[12] بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە.

[13] ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.

[14] «کاتێک کەسێک ئاژەڵێک لە دراوسێکەی داوا بکات، لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە،

[15] بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.

[16] «کاتێک پیاوێک کچێکی نیشان نەکراو هەڵبخەڵەتێنێت و لەگەڵی جووت بێت، ئەوا بۆ خۆی مارەی دەکات و مارەییش دەدات.

[17] ئەگەر باوکیشی ڕازی نەبوو بیداتێ، ئەوا زیوی بۆ دەکێشێت وەک مارەیی کچ.

[18] «ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.

[19] «ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت بێت دەبێت بکوژرێت.

[20] «ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ بکرێت.

[21] «ستەم لە نامۆ مەکە و مەیچەوسێنەوە، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.

[22] «هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە.

[23] ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم.

[24] تووڕەییم هەڵدەستێت و بە شمشێر دەتانکوژم و ژنەکانتان دەبنە بێوەژن و منداڵەکانتان دەبنە هەتیو.

[25] «ئەگەر پارەت بە قەرز دا بە هەر هەژارێک لە گەلەکەم ئەوانەی لەلاتن، بۆی مەبە بە سووخۆر، سوودی مەخەرە سەر.

[26] ئەگەر کەوای دراوسێکەت بە بارمتە گرت، هەتا ئاوابوونی خۆر، بۆی دەگەڕێنیتەوە،

[27] چونکە ئەوە تاکە پۆشاکە کە دراوسێکەت هەیەتی. چی دیکەی هەیە بۆ نوستن؟ ئیتر کاتێک هاوارم بۆ دەکات، گوێدەگرم، چونکە من میهرەبانم.

[28] «سووکایەتی بە خودا مەکە و نەفرەت لە هیچ سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.

[29] «پێشکەشکردنی پڕی خەرمانەکەت و دڵۆپی گوشەرەکەت دوا مەخە. نۆبەرەی کوڕەکانت دەدەیتە من.

[30] هەمان شت دەکەیت بە گا و بەرخەکانت، حەوت ڕۆژ لەگەڵ دایکی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی هەشتەم دەیدەیتە من.

[31] «ئێوە دەبنە گەلێکی پیرۆز بۆ من، بۆیە گۆشتێک لە دەشتودەر بووبێت بە نێچیر مەیخۆن، بۆ سەگی فڕێبدەن.

دەرچوون — Chapters