[1] موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، «حۆرێڤ».
[2] لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی دەوەنەکە ناسووتێت.
[3] موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»
[4] کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
[5] فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.»
[6] ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.
[7] یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی.
[8] ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانییەکان، حیتییەکان، ئەمورییەکان، پریزییەکان، حیڤییەکان و یەبوسییەکان.
[9] ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە میسرییەکان دەیانچەوساندنەوە.
[10] ئێستاش بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنە دەرەوە.»
[11] بەڵام موسا بە خودای گوت: «من کێم هەتا بچمە لای فیرعەون و نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنمە دەرەوە؟»
[12] ئەویش فەرمووی: «من لەگەڵت دەبم، ئەمەش دەبێتە نیشانە بۆت کە من تۆم ناردووە، کاتێک گەل لە میسرەوە دەردەهێنیت، ئێوە لەسەر ئەم کێوە خودا دەپەرستن.»
[13] موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟»
[14] خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“»
[15] هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان ، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“ هەتاهەتایە ئەمە ناومە و ئەمەش دێتەوە یادتان، نەوە دوای نەوە.
[16] «بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە.
[17] هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“
[18] «پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“
[19] بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت.
[20] ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم لە میسر دەدەم کە لەنێویان دەیکەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.
[21] «ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن.
[22] بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، کەلوپەلی زیو و کەلوپەلی زێڕ و جلوبەرگ داوا دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»