Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:26

[1] یەترۆی خەزووری موسا کە کاهینی میدیان بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە خودا لەگەڵ موسا و ئیسرائیلی گەلەکەی کردبووی، کە یەزدان ئیسرائیلی لە میسرەوە دەرهێناوە.

[2] لەدوای ئەوەی موسا چیپۆرەی ژنی ناردبووەوە یەترۆی خەزووری هێنایەوە،

[3] لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی. ناوی یەکێکیان گێرشۆمە، چونکە موسا گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»

[4] ناوی ئەوەی دیکەشیان ئەلیعەزەر بوو، چونکە گوتی: «خودای باوکم یارمەتیدەرم بوو و فریام کەوت لە شمشێری فیرعەون.»

[5] یەترۆی خەزووری موسا و کوڕەکانی و ژنەکەی هاتنە لای موسا بۆ ئەو چۆڵەوانییەی ئەو لەوێ لەلای کێوی خودا لایدابوو.

[6] یەترۆی هەواڵی بۆ موسا نارد: «من یەترۆم، لەگەڵ ژنەکەت و دوو کوڕەکەی بۆ لای تۆ هاتووم.»

[7] موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە.

[8] موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت.

[9] یەترۆیش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان.

[10] یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان.

[11] کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.»

[12] جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن.

[13] ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان.

[14] کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟»

[15] موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «چونکە گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن.

[16] هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.»

[17] خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە.

[18] خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت.

[19] ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە.

[20] فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن.

[21] بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.

[22] هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان دادوەری تێدا دەکەن. ئیتر باری خۆت سووک بکە، ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن.

[23] ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.»

[24] موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی.

[25] موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان.

[26] ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد.

[27] ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆیش گەڕایەوە خاکی خۆی.

دەرچوون — Chapters