[1] قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزاییەکەشی سێ باڵ بوو.
[2] قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشی کرد.
[3] هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشی دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستکرد.
[4] کەتیبەیەکیشی بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکەی داینا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست.
[5] چوار ئەڵقەشی لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار.
[6] دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشی کردن.
[7] دوو دارەکەی خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشی لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.
[8] حەوزەکەشی لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.
[9] حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشی لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ .
[10] کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
[11] بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
[12] بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
[13] لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ.
[14] چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون.
[15] بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون.
[16] هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون.
[17] هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.
[18] پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ هەروەک پەردەکانی حەوشەکە.
[19] کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون.
[20] هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.
[21] ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین.
[22] بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد،
[23] ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
[24] هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل بە شاقلی پیرۆزگا.
[25] زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل بە شاقلی پیرۆزگا.
[26] نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس.
[27] سەد تالنتیش لە زیوەکە بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک.
[28] هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقە پێکەوەی بەستنی لێ دروستکرا.
[29] بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل بوو،
[30] بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران،
[31] هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.