Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:09

[1] یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت.

[2] بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە.

[3] کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»

[4] ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت.

[5] یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە.

[6] ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە.

[7] خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»

[8] موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد،

[9] گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»

[10] ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرە، پەیمانێکت لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەت کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە تۆ لەنێویاندایت کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ تۆ دەیکەم سامناکە.

[11] ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم بەجێی بهێنە. من ئەموری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشت دەردەکەم.

[12] ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان.

[13] بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان ببڕنەوە.

[14] کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە .

[15] «نەوەک پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن.

[16] کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.

[17] «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.

[18] «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.

[19] «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران،

[20] نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن ، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە. «بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن.

[21] «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.

[22] «جەژنی هەفتەکان بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ .

[23] سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەستی خودای ئیسرائیل ئامادە دەبن.

[24] گەلان لەبەردەمتان دەردەکەم و سنوورەکانتان فراوان دەکەم، کەسیش چاونابڕێتە خاکەکەتان، کاتێک لە ساڵێکدا سێ جار دێن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە بن.

[25] «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن، قوربانی جەژنی پەسخە بۆ بەیانی نەمێنێتەوە.

[26] «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. «هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.»

[27] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.»

[28] موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.

[29] کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان.

[30] کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە.

[31] بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا.

[32] دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.

[33] کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا.

[34] بەڵام موسا لە چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی ڕووپۆشەکەی لا دەدا هەتا دەچووە دەرەوە، دەچووە دەرەوە و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو.

[35] هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.

دەرچوون — Chapters