[1] دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون.
[2] ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە.
[3] سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و
[4] لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت،
[5] داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
[6] کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا.
[7] ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
[8] داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت.
[9] ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟»
[10] لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی.
[11] سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
[12] ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود.
[13] لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی.
[14] داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد.
[15] هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
[16] کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
[17] ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لەناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی لەبەردەم یەزداندا سەرخست.
[18] پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد.
[19] هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتە تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.
[20] داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»
[21] داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم.
[22] لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»
[23] میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.