Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:03

[1] ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە.

[2] لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.

[3] داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»

[4] داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.» ئەویش گوتی: «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»

[5] داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»

[6] گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون.

[7] ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“

[8] «لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“ «منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“

[9] «ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“

[10] «منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»

[11] داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون.

[12] لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.

[13] ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»

[14] داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»

[15] ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد.

[16] لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»

[17] داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و

[18] فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا نووسراوە:

[19] «ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن! شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.

[20] «لە گەت ڕایمەگەیەنن، لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن، نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن، نەوەک کچانی خەتەنە نەکراوان پێمان خۆش بن.

[21] «ئەی چیاکانی گلبۆع، با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت، نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە، چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە، قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.

[22] «لە خوێنی کوژراوان و لە جەستەی پاڵەوانان کەوانەکەی یۆناتان نەگەڕایەوە دواوە و شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.

[23] شاول و یۆناتان، لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون، لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە. لە هەڵۆ تیژڕەوتر و لە شێر بەهێزتر بوون.

[24] «ئەی کچانی ئیسرائیل، بۆ شاول بگریێن، ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن، ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.

[25] «ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن! یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.

[26] یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا، زۆر شیرین بوویت لەلام، خۆشەویستی تۆ بۆ من لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.

[27] «ئای چۆن قارەمانان کەوتن! چەکەکانی جەنگ لەناوچوون!»

دووەم ساموئێل — Chapters