Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:48

[1] داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.

[2] گوتی: «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،

[3] خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە، لە ستەم ڕزگارم دەکات.

[4] «لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.

[5] شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.

[6] پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

[7] «لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، گوێی لە هاوارم بوو.

[8] ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین.

[9] دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.

[10] ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.

[11] سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.

[12] تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.

[13] لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.

[14] یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.

[15] تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.

[16] بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی.

[17] «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.

[18] لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.

[19] لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.

[20] منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

[21] «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.

[22] چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم.

[23] هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە.

[24] لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە.

[25] یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

[26] «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،

[27] لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.

[28] تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.

[29] ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.

[30] بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

[31] «ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.

[32] چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟

[33] خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.

[34] پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.

[35] مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.

[36] تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات.

[37] جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت.

[38] «دوژمنەکانم ڕاونا و نابوودم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.

[39] لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن.

[40] کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.

[41] دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.

[42] هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.

[43] وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.

[44] «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،

[45] بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.

[46] بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

[47] «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!

[48] خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات،

[49] لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.

[50] لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

[51] «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»

دووەم ساموئێل — Chapters