Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:59

[1] یۆئابی کوڕی چەرویا زانی کە دڵی پاشا ئارەزووی بینینی ئەبشالۆمی دەکرد.

[2] لەبەر ئەوە یۆئاب کەسێکی ناردە تەقۆعە و لەوێوە ژنێکی دانای هێنا و پێی گوت: «تکایە خۆت وەک ماتەمدار نیشان بدە، جلی ماتەم لەبەر بکە و بۆن لە خۆت مەدە، بەڵکو وەک ژنێک دەربکەوە کە ماوەیەکی درێژە ماتەمدارە،

[3] بڕۆ ژوورەوە بۆ لای پاشا و ئەم قسەیەی پێ بڵێ.» جا یۆئاب قسەکەی خستە سەر زاری.

[4] کاتێک ژنە تەقۆعییەکە چوو بۆ لای پاشا، خۆی خستە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پاشا، ڕزگارم بکە!»

[5] پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟» ئەویش گوتی: «من بێوەژنم و پیاوەکەم مردووە،

[6] کارەکەرەکەت دوو کوڕی هەبوو کە لە کێڵگەدا بە شەڕ هاتن و کەس نەبوو لێکیان بکاتەوە، یەکێکیان لەوی دیکەیانی دا و کوشتی.

[7] ئەوەتا هەموو خێڵەکە لە کارەکەرەکەت هەستاون و دەڵێن: ”ئەوەمان ڕادەست بکە کە براکەی خۆی کوشتووە، بۆ ئەوەی لە جیاتی گیانی براکەی کە کوشتوویەتی بیکوژینەوە، هەروەها میراتگرەکە لەناو ببەین.“ ئەو پشکۆیەم دەکوژێننەوە کە ماوەتەوە، ناو و پاشماوەی پیاوەکەم لەسەر ڕووی زەوی ناهێڵنەوە.»

[8] پاشاش بە ژنەکەی گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و من بڕیارێک لەبارەی تۆوە دەردەکەم.»

[9] ژنە تەقۆعییەکەش بە پاشای گوت: «ئەی پاشای گەورەم، با تاوانەکە لە ئەستۆی خۆم و ماڵی باوکم بێت، پاشا و تەختەکەی پاک و بێتاوان بن.»

[10] پاشاش گوتی: «ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کردیت، بیهێنە لام بۆ ئەوەی دیسان بێزارت نەکات.»

[11] ژنەکەش گوتی: «ئەی پاشا، تکایە ناوی یەزدانی خوداکەت بهێنە، هەتا خوێنگری تۆڵەسێنەر زۆر نەبن بۆ کوشتنەوە و کوڕەکەم نەفەوتێت.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، تاڵە مووێکی کوڕەکەت ناکەوێتە سەر زەوی.»

[12] ئینجا ژنەکەش گوتی: «تکایە با کارەکەرەکەت قسەیەکی دیکە بۆ پاشای گەورەی بکات.» ئەویش گوتی: «قسە بکە.»

[13] ژنەکەش گوتی: «ئەی بۆچی بیرت لە کارێکی وا کردووەتەوە لە دژی گەلی خودا؟ کە پاشا ئەمە دەڵێت خۆی تاوانبار دەکات، لەبەر ئەوەی پاشا کوڕە دوورخراوەکەی خۆی نەگەڕاندووەتەوە!

[14] وەک ئاوێکی ڕژاو لەسەر زەوی کە کۆناکرێنەوە، بێگومان دەمرین. بەڵام خودا گیان ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەک دادەڕژێت هەتا ئەوەی لێی دوورخراوەتەوە بە دوورخراوەیی نەمێنێتەوە.

[15] «ئێستاش من هاتم هەتا لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ پاشای گەورەم بکەم، چونکە گەل منیان ترساند. کارەکەرەکەت گوتی: ”قسە لەگەڵ پاشا دەکەم، بەڵکو پاشا بە گوێی کارەکەرەکەی بکات.

[16] لەوانەیە پاشا گوێ بگرێت بۆ ئەوەی کارەکەرەکەی لە دەست ئەو پیاوە دەرباز بکات کە دەیەوێت خۆم و کوڕەکەم پێکەوە لە میراتی خودا بسڕێتەوە.“

[17] «هەروەها کارەکەرەکەت دەڵێت: ”بەڵکو وتەی پاشای گەورەم دڵنەوایی بێت بۆم، چونکە پاشای گەورەم وەک فریشتەی خودایە لە تێگەیشتنی چاکە و خراپە، با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت.“»

[18] پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.» ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.»

[19] ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟» ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە.

[20] یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.»

[21] ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.»

[22] یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.»

[23] ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم.

[24] بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی.

[25] لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو.

[26] لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل دەبوو.

[27] هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان.

[28] جا ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە و ڕووی پاشای نەبینی.

[29] لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت.

[30] لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا.

[31] ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟»

[32] ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘“ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.»

[33] ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.

دووەم ساموئێل — Chapters