[1] وا ڕێککەوت پیاوێکی گێرەشێوێن لەوێدا بوو، ناوی شەڤەعی کوڕی بیکری بوو، پیاوێکی بنیامینی بوو، فووی بە کەڕەنادا کرد و هاواری کرد: «ئەی ئیسرائیل، هیچ نزیکایەتییەکمان لەگەڵ داود نییە، هیچ میراتێکمان لە کوڕی یەسادا نییە! هەرکەسە و بۆ چادرەکەی خۆی!»
[2] لەبەر ئەوە هەموو پیاوانی ئیسرائیل وازیان لە داود هێنا و بەدوای شەڤەعی کوڕی بیکریدا ڕۆیشتن. بەڵام پیاوانی یەهودا لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵ پاشایاندا مانەوە.
[3] کاتێک داود هاتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم، ئەو دە کەنیزەیەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتبوون، بردنی و لە ماڵی دەستبەسەریدا داینان و بەخێوی دەکردن، بەڵام لەگەڵیاندا پاڵ نەکەوت، بەڵکو هەتا ڕۆژی مردنیان بە تەنهایی دەستبەسەر کرابوون.
[4] ئینجا پاشا بە عەماسای گوت: «لە سێ ڕۆژدا پیاوانی یەهودام بۆ کۆبکەرەوە و تۆش وەرە ئێرە.»
[5] عەماساش بۆ کۆکردنەوەی پیاوانی یەهودا چوو، بەڵام لەو کاتە دواکەوت کە بۆی دیاری کردبوو.
[6] داود بە ئەبیشەی گوت: «ئێستا شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئەبشالۆم خراپتر دەبێت بۆمان. لەبەر ئەوە تۆ خزمەتکارەکانی گەورەت ببە و دوای بکەوە، نەوەک چەند شارێکی قەڵابەند بۆ خۆی پەیدا بکات و لەبەرچاومان ون بێت.»
[7] ئیتر پیاوەکانی یۆئاب و کریتی و پەلەتی و هەموو پاڵەوانەکان بە فەرماندەیی ئەبیشەی بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە دەرەوە.
[8] کاتێک لەلای بەردە گەورەکەی گبعۆن بوون، عەماسا بەرەو ڕوویان هات، یۆئابیش زرێیەکەی پۆشیبوو و پشتێنێکیشی لەسەری بەستبوو، خەنجەرەکەشی لەناو کێلانەکەی بوو، لە ناوقەدیەوە بەستبووی. ئینجا کە هاتە پێش، خەنجەرەکەی کەوتە خوارەوە.
[9] یۆئاب بە عەماسای گوت: «برام، چۆنی؟» جا یۆئاب بە دەستی ڕاستی ڕیشی عەماسای گرت بۆ ئەوەی ماچی بکات.
[10] عەماسایش ئاگای لەو خەنجەرە نەبوو کە لە دەستی یۆئاب بوو، کردی بە سکیدا و هەناوی ڕژایە سەر زەوی، دووبارەی نەکردەوە و مرد. یۆئاب و ئەبیشەی براشی لەدوای شەڤەعی کوڕی بیکری ڕۆیشتن.
[11] یەکێک لە خزمەتکارەکانی یۆئاب لەلای عەماسا ڕاوەستا و گوتی: «ئەوەی یۆئابی دەوێت و ئەوەی سەر بە داودە با لەدوای یۆئابدا بێت!»
[12] عەماساش لەناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەناو خوێندا گەوزابوو، جا کاتێک خزمەتکارەکە بینی هەموو گەل ڕادەوەستن، عەماسای لەسەر ڕێگاکە گواستەوە بۆ ناو کێڵگەکە و پارچە جلێکی بەسەریدا دا، چونکە بینی هەرکەسێک بگاتە سەری ڕادەوەستێت.
[13] کاتێک عەماسا لە ڕێگاکە گواسترایەوە، هەموو پیاوێک دوای یۆئاب کەوت بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری.
[14] شەڤەعیش بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕی، هەتا ئابێلی بێتمەعکا و هەموو ناوچەی بیرییەکان، ئەوانیش هەمووان کۆبوونەوە و شوێنی کەوتن.
[15] ئینجا ئەو لەشکرەی کە لەگەڵ یۆئاب بوو هاتن و لە ئابێلی بێتمەعکادا شەڤەعییان گەمارۆ دا، سەنگەریان لە دەوری شارەکە لێدا. شارەکە گەمارۆ درا، هەموو ئەو گەلەش کە لەگەڵ یۆئاب بوون سەرگەرمی ڕووخان بوون بۆ ڕووخاندنی شووراکە،
[16] لەو کاتەدا ژنێکی دانا لە شارەکەوە هاواری کرد: «گوێ بگرن! گوێ بگرن! بە یۆئاب بڵێن، وەرە پێشەوە بۆ ئێرە، هەتا قسەی لەگەڵدا بکەم.»
[17] ئەویش چووە پێشەوە بۆ لای، ژنەکەش پرسی: «تۆ یۆئابی؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم.» ژنەکە پێی گوت: «گوێ لە قسەی کارەکەرەکەت بگرە.» ئەویش گوتی: «گوێم گرتووە.»
[18] ژنەکە گوتی: «پێشینان ئاوایان دەگوت: ”لە ئابێل دەپرسن،“ بەو شێوەیە کۆتاییان بە کێشەکە دەهێنا.
[19] ئێمە لەنێو شارەکانی ئیسرائیلدا ئاشتیخواز و دڵسۆزین، تۆش هەوڵی لەناوبردنی شارێک دەدەیت کە لە ئیسرائیلدا دایکانەیە؟ بۆچی میراتی یەزدان هەڵدەلووشیت؟»
[20] یۆئابیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «لە من بەدوور بێت! لە من بەدوور بێت هەڵیبلوشم و تێکی بدەم!
[21] شتەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە کە ناوی شەڤەعی کوڕی بیکرییە دەستی لە داودی پاشا بەرز کردووەتەوە، بە تەنها ئەو بدەن بەدەستەوە و لە شارەکە دوور دەکەومەوە.» ژنەکەش بە یۆئابی گوت: «سەری ئەو لە شووراکەوە بۆت هەڵدەدرێت.»
[22] ئینجا ئافرەتەکە بە داناییەکەی خۆی چوو بۆ لای هەموو گەل و ئەوانیش سەری شەڤەعی کوڕی بیکرییان لێکردەوە و بۆ یۆئابیان فڕێدا. ئەویش فووی بە کەڕەنادا کرد و لە شارەکە دوورکەوتنەوە، هەرکەسە و بۆ چادرەکەی. یۆئابیش گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای پاشا.
[23] یۆئابیش سەرکردەی هەموو سوپای ئیسرائیل بوو؛ بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش فەرماندەی کریتییەکان و پەلەتییەکان بوو؛
[24] ئەدۆنیرام سەرپەرشتیاری بێگاری بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
[25] شێڤا خامەی نهێنی بوو؛ سادۆق و ئەبیاتاریش کاهین بوون،
[26] هەروەها عیرای یائیریش کاهینی داود بوو.