Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:33

[1] کاتێک کە داود تۆزێک لە لووتکەکە ڕەت بوو، بینی چیڤای بریکاری مەفیبۆشەت بە دوو گوێدرێژی کورتانکراوەوە چاوەڕێی دەکات، دوو سەد کولێرە و سەد هێشووە کشمیش و سەد نانە هەنجیر و مەشکەیەک شەرابی بارکردبوو.

[2] پاشا بە چیڤای گوت: «ئەمانەت بۆ چییە؟» چیڤاش گوتی: «دوو گوێدرێژەکە بۆ ماڵی پاشا بۆ سواربوونە، کولێرە و هەنجیرەکەش بۆ پیاوەکانتە با بیخۆن، شەرابەکەش با ئەوانە بیخۆنەوە کە لە چۆڵەوانیدا شەکەت بوون.»

[3] پاشاش لێی پرسی: «ئەی کوڕەزای گەورەکەت لەکوێیە؟» چیڤاش بە پاشای گوت: «ئەوەتا ئەو لە ئۆرشەلیم ماوەتەوە، چونکە گوتی: ”ئەمڕۆ بنەماڵەی ئیسرائیل پاشایەتییەکەی باپیرم بۆ دەگەڕێننەوە.“»

[4] ئینجا پاشا بە چیڤای گوت: «وا هەموو ئەوانەی هی مەفیبۆشەتن بۆ تۆیە.» چیڤاش گوتی: «کڕنۆش دەبەم. هیوادارم پاشای گەورەم لێم ڕازی بێت.»

[5] کاتێک داودی پاشا لە بەحوریم نزیک بووەوە، پیاوێک لەوێوە هات کە لە خێڵی شاول بوو، ناوی شیمعیی کوڕی گێرا بوو، دەهاتە دەرەوە و نەفرەتی دەکرد.

[6] داودی پاشا و هەموو کاربەدەستانی بەردباران دەکرد، هەرچەندە هەموو سوپا و پاڵەوانەکانیش لەلای ڕاست و چەپی بوون.

[7] شیمعی کە نەفرەتی دەکرد دەیگوت: «بڕۆ دەرەوە! بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوی خوێنڕێژ، ئەی پیاوی سووکوچروک!

[8] یەزدان تۆڵەی هەموو خوێنی ماڵی شاولی لێکردیتەوە کە لە جێی ئەو بوویت بە پاشا. یەزدان پاشایەتییەکەی دایە دەست ئەبشالۆمی کوڕت، تۆ بە خراپەی خۆت لەناودەچیت، چونکە تۆ پیاوێکی خوێنڕێژیت!»

[9] ئەبیشەی کوڕی چەرویاش بە پاشای گوت: «بۆچی ئەم سەگە تۆپیوە نەفرەت لە پاشای گەورەم دەکات؟ لێمگەڕێ با بۆی بچم و سەری لێ بکەمەوە.»

[10] بەڵام پاشا گوتی: «ئەی کوڕانی چەرویا، چی لەنێوان من و ئێوە هەیە؟ لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، ئەگەر یەزدان پێی فەرمووبێت نەفرەت لە داود بکە، کێ هەیە بتوانێت بڵێت: ”بۆ ئەمە دەکەیت؟“»

[11] ئینجا داود بە ئەبیشەی و بە هەموو کاربەدەستەکانی گوت: «ئەوەتا من کوڕەکەی خۆم، ئەوەی لە پشتی خۆمەوە هاتووە دەیەوێت بمکوژێت، چ جای بنیامینییەک! لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، چونکە یەزدان پێی فەرمووە.

[12] بەڵکو یەزدان بڕوانێتە زەلیلییەکەم و لە جیاتی ئەو نەفرەتەی ئەمڕۆ، بە چاکە پاداشتم بداتەوە.»

[13] ئیتر داود و پیاوەکانی بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و شیمعییش بە قەراغ چیاکەدا لە بەرامبەری دەڕۆیشت، بە ڕێگاوە نەفرەتی دەکرد و لە بەرامبەری بەردی تێدەگرت و خۆڵی بە بادا دەکرد.

[14] پاشا و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون گەیشتنە تەنکاوەکە، ماندوو بوون، لەوێ حەوانەوە.

[15] هەر لەو کاتەدا، ئەبشالۆم و هەموو سوپای ئیسرائیل هاتنە ئۆرشەلیم و ئەحیتۆفەلیشیان لەگەڵ بوو.

[16] ئینجا حوشەی ئەرکی هاوڕێی داود هاتە لای ئەبشالۆم، حوشەی بە ئەبشالۆمی گوت: «بژی پاشا، بژی پاشا!»

[17] ئەبشالۆمیش بە حوشەی گوت: «ئەمە خۆشەویستییەکەتە بۆ هاوڕێکەت؟ بۆچی لەگەڵ برادەرەکەت نەڕۆیشتیت؟»

[18] حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر، بەڵکو ئەوەی یەزدان و ئەم گەلە و هەموو پیاوانی ئیسرائیل هەڵیانبژاردووە، من لایەنگری ئەو دەبم و لەگەڵ ئەودا دەمێنمەوە.

[19] پاشان، من خزمەتی کێ دەکەم؟ ئایا لەبەردەم کوڕەکەی نییە؟ هەروەک چۆن لەبەردەم باوکت خزمەتم کرد، ئاواش لەبەردەم تۆدا خزمەت دەکەم.»

[20] ئەبشالۆم بە ئەحیتۆفەلی گوت: «تەگبیر بکەن، چی بکەین؟»

[21] ئەحیتۆفەلیش بە ئەبشالۆمی گوت: «لەگەڵ کەنیزەکانی باوکت جووتبە، ئەوانەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتن. ئینجا هەموو ئیسرائیل دەیبیستێتەوە کە لەبەرچاوی باوکت کەوتوویت، بەو شێوەیە دەستی هەموو ئەوانە بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵتدان.»

[22] لە سەربان چادرێکیان بۆ ئەبشالۆم دامەزراند و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل لەگەڵ کەنیزەکانی باوکی جووتبوو.

[23] لەو سەردەمەدا ڕاوێژی ئەحیتۆفەل کە ڕاوێژی پێ دەکرا، وەک ئەوەی لە خوداوە بێت. هەموو ڕاوێژەکانی ئەحیتۆفەل ئاوا بوون بۆ داود و بۆ ئەبشالۆمیش.

دووەم ساموئێل — Chapters