[1] ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟» یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.» داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟» ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»
[2] ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کەرمەلی بوو.
[3] هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون.
[4] پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد. کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە،
[5] داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە.
[6] ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد.
[7] ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»
[8] لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و
[9] کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل.
[10] ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن.
[11] ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو.
[12] ئەبنێری کوڕی نێر و پیاوانی ئیشبۆشەتی کوڕی شاول لە مەحەنەیمەوە ڕۆیشتن و چوون بۆ گبعۆن.
[13] هەروەها یۆئابی کوڕی چەرویا و پیاوانی داودیش چوونە دەرەوە و لەلای گۆمەکەی گبعۆن بەیەکگەیشتن، جا ئەمان لەسەر گۆمەکە لەم لا و ئەوانیش لەسەر گۆمەکە لەو لا دانیشتن.
[14] ئینجا ئەبنێر بە یۆئابی گوت: «با هەندێک لە گەنجەکان هەستن و لەبەردەمماندا دەستەویەخە بەرەنگاری یەکتری ببنەوە.» یۆئابیش گوتی: «با هەستن.»
[15] جا هەستان بە هەڵبژاردنی دوازدە پیاو بۆ بنیامین و ئیشبۆشەتی کوڕی شاول و دوازدە پیاویش بۆ داود.
[16] ئینجا هەریەکە و سەری بەرامبەرەکەی خۆی گرت و شمشێرەکەی کرد بە قەبرغەی دا و هەموویان کوژران. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە لە گبعۆن بە حەلقەت هەچوڕیم ناونرا.
[17] جا لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر توند بوو، ئەبنێر و پیاوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر پیاوانی داود تێکشکان.
[18] هەر سێ کوڕەکەی چەرویاش، یۆئاب و ئەبیشەی و عەساهێل لەوێ بوون. عەساهێلیش پێیەکانی سووک بوون وەک مامزی کێوی.
[19] جا عەساهێل دوای ئەبنێر کەوت و لە ڕاونانی ئەبنێردا نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لاینەدا و
[20] ئەبنێریش ئاوڕی لە دواوە دایەوە و گوتی: «ئەمە تۆی، عەساهێل؟» ئەویش گوتی: «منم.»
[21] ئەبنێریش پێی گوت: «بەلای ڕاست یان چەپدا لابدە و یەکێک لە گەنجەکان بگرە و بۆ خۆت تاڵانی بکە.» بەڵام عەساهێل نەیویست وازی لێ بهێنێت.
[22] دیسان ئەبنێر بە عەساهێلی گوت: «بەدوای منەوە مەبە، بۆچی لەگەڵ زەوی تەختت بکەم؟ پاشان چۆن ڕووم بێت لەلای یۆئابی برات سەر بەرز بکەمەوە؟»
[23] بەڵام عەساهێل قایل نەبوو وازی لێ بهێنێت، لەبەر ئەوە ئەبنێر لێیدا و ڕمەکەی کرد بە سکیدا و ڕمەکە لە پشتییەوە دەرچوو. جا لەوێدا کەوت و لە شوێنی خۆیدا مرد، بۆیە هەرکەسێک دەهاتە ئەو شوێنەی کە عەساهێل تێیدا کەوت و مرد، ڕادەوەستا.
[24] بەڵام یۆئاب و ئەبیشەی دوای ئەبنێر کەوتن و خۆرئاوا بوو کاتێک گەیشتنە گردی ئەمما ئەوەی نزیکی گییەحە لەسەر ڕێگای چۆڵەوانی گبعۆن.
[25] جا نەوەی بنیامین لەدوای ئەبنێر کۆبوونەوە و بوون بە یەک کۆمەڵ و لەسەر گردێک ڕاوەستان.
[26] ئەبنێر هاواری لە یۆئاب کرد و گوتی: «ئایا هەتاهەتایە شمشێر خوێن دەڕێژێت؟ ئایا نازانیت کۆتاییەکەی تاڵ دەبێت؟ هەتا کەی بە جەنگاوەران ناڵێیت: ”واز لە ڕاونانی براکانتان بهێنن“؟»
[27] یۆئابیش گوتی: «بە خودای زیندوو، ئەگەر قسەت نەدەکرد، هەتا بەیانی هیچ پیاوێک وازی لە ڕاونانی براکەی نەدەهێنا.»
[28] پاشان یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و هەموو جەنگاوەران ڕاوەستان، ئیتر دوای ئیسرائیل نەکەوتن و نەگەڕانەوە بۆ جەنگ.
[29] ئینجا ئەبنێر و پیاوەکانی بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و بەناو بیترۆندا ڕۆیشتن و هاتن بۆ مەحەنەیم.
[30] یۆئابیش لە ڕاونانی ئەبنێر گەڕایەوە و هەموو جەنگاوەرانی کۆکردەوە. بێجگە عەساهێل نۆزدە پیاو لە خزمەتکارەکانی داود ون بوون،
[31] بەڵام پیاوەکانی داود لەو بنیامینییانەی کە لەگەڵ ئەبنێر بوون سێ سەد و شەست کەسیان لێ کوشتبوون.
[32] ئینجا عەساهێلیان هەڵگرت و لە گۆڕەکەی باوکی کە لە بێتلەحمە ناشتیان و یۆئاب و پیاوەکانیشی بە درێژایی ئەو شەوە ڕۆیشتن و لە بەرەبەیان گەیشتنە حەبرۆن.