Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:30

[1] سەبارەت بە قوربانی بتەکان، دەزانین کە هەموومان زانیاریمان هەیە. زانیاری لووتبەرز دەکات، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت.

[2] ئەگەر یەکێک وایزانی شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا نازانێ وەک پێویستە بزانێت.

[3] بەڵام ئەگەر یەکێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای ناسراوە.

[4] جا سەبارەت بە خواردنی قوربانی بتەکان، دەزانین بت لە جیهاندا نییە و هیچ خودایەک نییە جگە لە یەکێک.

[5] ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە،

[6] بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەوین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوە و ئێمەش بەهۆی ئەوین.

[7] بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە.

[8] بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.

[9] بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان .

[10] ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟

[11] جا بەهۆی زانیاریت ئەو برایەی لاوازە، کە مەسیح لە پێناوی مرد، لەناودەچێت.

[12] ئاواش گوناه لە دژی برایان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن.

[13] لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆ براکەم.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters