[1] سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت .
[2] بەڵام لەبەر داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت.
[3] مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد.
[4] ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی.
[5] خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە.
[6] بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان.
[7] هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن ، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا.
[8] بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من بمێننەوە.
[9] بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە.
[10] بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە،
[11] بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات.
[12] ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات.
[13] ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە،
[14] چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە.
[15] بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین،
[16] چونکە ئەی ژن چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟
[17] لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم.
[18] ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنە نەکراو. ئەوەش بە خەتەنە نەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات.
[19] خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنە نەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە.
[20] با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە.
[21] ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە،
[22] چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح.
[23] ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک.
[24] خوشکان، برایان، هەر یەکێک لە چیدا بانگکراوە، با لەگەڵ خودا لەمەدا بمێنێتەوە.
[25] دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت.
[26] وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا ، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە.
[27] ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژن نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە.
[28] بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانە تووشی ماندووبوونی دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم.
[29] خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت،
[30] ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت،
[31] ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە.
[32] جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات.
[33] بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات؟
[34] ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات.
[35] ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی.
[36] بەڵام ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ دەستگیرانە پاکیزەکەی هەڵسوکەوت ناکات، ئەگەر حەز و ئارەزووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسەرگیری بکەن، چی حەز لێیە با ئەوە بکات، با هاوسەرگیری بکەن، گوناهی نەکردووە.
[37] بەڵام ئەوەی لە دڵەوە بڕیاری دابێت و ناچار نەبێت، بەڵکو بەسەر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئەو بڕیارەش کە لە دڵەوە داویەتی کە دەستگیرانە پاکیزەکەی نەگوازێتەوە، ئەوا چاک دەکات.
[38] کەواتە، ئەوەی پاکیزەکەی بە مێرد دەدات، چاک دەکات، ئەوەش کە بە مێرد نادات، چاکتر دەکات.
[39] ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت.
[40] بەڵام بە بۆچوونی من، بەختەوەرترە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هەیە.