Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:12

[1] خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی .

[2] جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران ،

[3] هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد.

[4] هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو ، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو.

[5] بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.

[6] ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد.

[7] بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.]

[8] با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت.

[9] نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن .

[10] بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر کوشتیان.

[11] جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین.

[12] کەواتە ئەوەی وادەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت.

[13] هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.

[14] بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن.

[15] وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم:

[16] ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟

[17] لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین.

[18] سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟

[19] جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟

[20] نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن.

[21] ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن.

[22] یاخود ئیرەیی خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟

[23] «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە.

[24] کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن.

[25] ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان،

[26] چونکە [زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.]

[27] ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان.

[28] بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان،

[29] دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟

[30] ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟

[31] بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن.

[32] بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ.

[33] هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters