[1] ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی خودا ڕابگەیەنم،
[2] چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی.
[3] منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم.
[4] کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکردنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست،
[5] تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.
[6] ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، بەڵام داناییەک نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایەوەیە، کە لەناودەچن.
[7] بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە.
[8] هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا.
[9] بەڵکو وەک نووسراوە: [ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە، هیچ گوێیەک نەیبیستووە و بە بیری مرۆڤدا نەهاتووە، ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.]
[10] بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین. ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە.
[11] چ مرۆڤێک دەزانێت مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت.
[12] ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین.
[13] ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە.
[14] بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و ناتوانێت بیانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە.
[15] کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.
[16] [کێ بیری یەزدانی زانی، کێ فێری دەکات؟] بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.