[1] خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە.
[2] دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران.
[3] بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.
[4] جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە،
[5] جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە،
[6] جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.
[7] بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەر یەکێک لە پێناوی سوودمەندی گشتییە دەدرێت.
[8] جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح.
[9] بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح،
[10] یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمان ، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان.
[11] ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.
[12] هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە،
[13] چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە.
[14] لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.
[15] ئەگەر قاچ بڵێت: «چونکە دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
[16] ئەگەر گوێ بڵێت: «چونکە چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟
[17] ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی بیستن بووایە، ئەی کوا بۆن کردن؟
[18] بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی.
[19] ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟
[20] جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.
[21] چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.»
[22] بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە،
[23] ئەو ئەندامەی لەش کە وادەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین،
[24] بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز،
[25] تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان یەک بایەخ بە یەکتری بدەن.
[26] ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.
[27] ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.
[28] خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمان.
[29] ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟
[30] هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە ؟
[31] بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن. ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.