Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:35

[1] ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ.

[2] ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم.

[3] ئەگەر هەموو سامانم دەرخوارد بدەم و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.

[4] خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە.

[5] بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات.

[6] بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت.

[7] بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.

[8] خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت،

[9] چونکە زانیاریمان سنووردارە، هەروەها توانای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا سنووردارە،

[10] بەڵام کاتێک تەواوەکە دێت، سنووردارییەکە نامێنێت .

[11] کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە، وەک منداڵێک لێکم دەدایەوە. کە بوومە پیاو، ئەوەی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا.

[12] جا ئێستا لە تەمدا تەماشای ئاوێنە دەکەین، بەڵام دوایی ڕووبەڕووە. ئێستا هەندێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن تەواو ناسراوم.

[13] ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس — Chapters