[1] بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن.
[2] جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن.
[3] بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم.
[4] هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات.
[5] کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
[6] خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە.
[7] کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟
[8] وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا! خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد!
[9] چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بۆ درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک.
[10] لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین!
[11] هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین.
[12] بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێنەوە و بەرگە دەگرین.
[13] بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.
[14] ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە.
[15] تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی.
[16] جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە.
[17] لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە لە باوەڕ و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەی کە من پەیڕەوی دەکەم بەهۆی عیسای مەسیحەوە، بەبیری ئێوە دەهێنێتەوە وەک ئەوەی کە من لە هەر شوێنێک و لە هەر کڵێسایەک خەڵکی فێردەکەم.
[18] هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان
[19] بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان،
[20] چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە.
[21] چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟