Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:03

[1] ئەی کچە میر، پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن! کەوانی ڕانت وەک خشڵە دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە.

[2] ناوکت جامێکی خڕە شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات، ناوقەدت خەرمانی گەنمە بە سەوسەن پەرژین کراوە.

[3] جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن.

[4] گەردنت قوللەیەکی عاجە. چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم. لووتت وەک قوللەی لوبنانە ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت.

[5] سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و پرچی سەرت ئەرخەوانییە، پاشا بەندی ئەگریجەکانە.

[6] چەند جوان و چەند شیرینیت، ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم!

[7] ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت، مەمکەکانت لە هێشوو.

[8] گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم، خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.» با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن، بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت،

[9] دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت. ئەویندار با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت، بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات.

[10] من بۆ دڵدارەکەمم و ئەو پەرۆشی منە.

[11] دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە، لە گوندەکان شەو بەسەرببەین.

[12] با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان، ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، پەسیرەکان کراونەتەوە، هەناریش پشکوتووە؟ لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم.

[13] گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە، لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە، کۆن و نوێ کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم.

گۆرانی گۆرانییەکان — Chapters