Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:41

[1] من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم. دڵدار

[2] وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان. ئەویندار

[3] وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.

[4] با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.

[5] بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

[6] دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.

[7] ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.

[8] گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات.

[9] دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات.

[10] دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.

[11] تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما.

[12] گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.

[13] هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی پەسیرەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.» دڵدار

[14] ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان، لە پەناگای بنارەکان، با ڕوخسارت ببینم، با دەنگت ببیستم، چونکە دەنگت ناسکە و ڕوخسارت شیرینە!

[15] ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن، ئەو توولە ڕێوییانەی ڕەزەکانمان تێکدەدەن، چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە. ئەویندار

[16] دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

[17] بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە، وەک ئاسک بە، یان کارمامز لەسەر چیا فرە لووتکەکان.

گۆرانی گۆرانییەکان — Chapters