Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:52

[1] ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە. قژت وەک مێگەلە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.

[2] ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن، کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین.

[3] لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە، دەمت شیرینە، گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە.

[4] گەردنت وەک قوللەی داودە بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە، هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە، هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.

[5] جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن، کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.

[6] بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، دەچمە چیای موڕ و گردی بخوور.

[7] ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە، هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.

[8] بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە. لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە، لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە، لە لانەی شێرانەوە، لە چیای پڵنگانەوە.

[9] ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە، بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم، بە موورووێکی ملوانکەکەت.

[10] ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم، ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە، بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.

[11] لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ، شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە! بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.

[12] باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم، سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!

[13] نەمامەکانت باخی هەنارن لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە، خەنە و ناردین،

[14] ناردین و کارکۆم ، قامیشی بۆنخۆش و دارچین، لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک، موڕ و ئەلوا لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.

[15] تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت، بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی، لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ. ئەویندار

[16] هەستە، ئەی بای باکوور، وەرە، ئەی بای باشوور! بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن، با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە، بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی، با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.

گۆرانی گۆرانییەکان — Chapters