[1] بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛ بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
[2] ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە، بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت. ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
[3] تووشی ئێشکگرەکان بووم، کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان. «ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
[4] ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت. گرتم و بەرمنەدا، هەتا بردمە ماڵی دایکم، بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
[5] ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
[6] ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت، وەک ستوونی دووکەڵ، بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە، بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
[7] ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە، شەست پاڵەوان دەوریان داوە لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
[8] هەموو شمشێر بەدەستن، شارەزای جەنگن، هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە، لەبەر مەترسییەکانی شەو.
[9] سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد لە داری لوبنان.
[10] ستوونەکانی لە زیو دروستکرد، کاریتەکانی لە زێڕ. بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە، ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە. ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
[11] وەرنە دەرەوە، ئەی کچانی سییۆن، ببینن. سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی، کە دایکی لەسەری نا لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی، لە ڕۆژی شادی دڵی.