[1] پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم ، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.»
[2] دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو.
[3] ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە.
[4] لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو.
[5] لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان.
[6] لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ. لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون.
[7] بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو.
[8] چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن: «پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە، خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا، ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
[9] هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاس دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتووی سەر تەختەکەیە، ئەوەی هەتاهەتایە زیندووە،
[10] بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
[11] «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت، چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە، بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»