Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:46

[1] پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە.

[2] بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.

[3] لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

[4] گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو: «ئەی گەلی من لێی دەربچن، تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن، تاکو دەردەکانی نەگرن.

[5] چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.

[6] سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە، لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.

[7] هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە، ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم، هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“

[8] لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن، مردن و شیوەن و قاتوقڕی. بە ئاگریش دەسووتێت، خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

[9] «پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن.

[10] لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن: «”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر! ئەی بابل، شارە بەهێزەکە! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“

[11] «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت،

[12] شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ،

[13] دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان ، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

[14] دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.»

[15] بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و

[16] دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە، کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!

[17] چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“ «هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن.

[18] کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“

[19] خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن: «”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە! ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون! لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

[20] «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن! چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»

[21] ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی: «ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە.

[22] ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا تێیدا نابیسترێت. هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە، دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.

[23] هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت، ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و هەموو نەتەوەکان بە جادووگەری تۆ گومڕابوون.

[24] تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح — Chapters