Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:45

[1] پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،

[2] چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»

[3] دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»

[4] بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد، گوتیان: «ئامین. هەلیلویا!»

[5] دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات، گوتی: «ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی، ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»

[6] پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بە توانایە، حوکومڕانی دەکات.

[7] با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین، چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.

[8] کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.» ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.

[9] پێی گوتم: «بنووسە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»

[10] کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»

[11] پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت.

[12] چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوەبوو، ناوێکی نووسراوی هەیە، خۆی نەبێت کەس نایزانێت.

[13] کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە.

[14] لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو.

[15] لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. [بە گۆچانێکی ئاسنین شوانەتییان دەکات.] گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بە توانا دەگوشێت.

[16] ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە: «پاشای پاشایان و گەورەی گەورەیان.»

[17] فریشتەیەکی دیکەم بینی لەبەر خۆردا ڕاوەستابوو، بە دەنگێکی بەرز هاواری لە هەموو باڵندە فڕیوەکانی ناوەڕاستی ئاسمان کرد و گوتی: «وەرن کۆببنەوە، بۆ شێوی گەورە کە هی خودایە،

[18] تاکو گۆشتی پاشاکان و گۆشتی سوپاسالارەکان و گۆشتی بەهێزان، گۆشتی ئەسپەکان و سوارەکانیان، گۆشتی هەمووان، ئازاد و کۆیلە، گەورە و بچووک بخۆن.»

[19] هەروەها دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و لەشکرەکانیانم بینی کۆببوونەوە، تاکو لە دژی سوارەکە و سوپاکەی بجەنگن.

[20] دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی یاوەری دەستگیر کران، ئەوەی نیشانەی لە پێناوی کرد و بەهۆیەوە ئەوانەی چەواشە کرد کە نیشانەی دڕندەکەیان وەرگرت و ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی برد. هەردووکیان بە زیندوویی فڕێدرانە دەریاچەی ئاگر، کە بە گۆگرد داگیرساوە.

[21] پاشماوەکە بە شمشێری سوارەکە کوژران کە لە دەمیەوە دەردەچوو، هەموو باڵندەکان لە گۆشتەکانیان تێربوون.

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح — Chapters