[1] ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ئاوە زۆرەکان دانیشتووە.
[2] ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
[3] پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی، بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو، دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو.
[4] ژنەکە ئەرخەوانی و قرمزی پۆشرا بوو، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابووەوە، جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی.
[5] لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو: «بابلی گەورە، دایکی لەشفرۆشان و قێزەونانی زەوی.»
[6] هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
[7] فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەی هەڵیگرتووە پێت دەڵێم کە حەوت سەر و دە شاخی هەیە.
[8] ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
[9] «ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە،
[10] حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە.
[11] ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات.
[12] ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن.
[13] ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە.
[14] ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
[15] ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن.
[16] دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن،
[17] چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان بە مەبەستی بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی.
[18] ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»