[1] پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما.
[2] شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاوایەکەی ئامادە کرابێت.
[3] گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان.
[4] ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
[5] دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» هەروەها دەفەرموێ: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.»
[6] پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم ، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو.
[7] ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.
[8] بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»
[9] یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێیە کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکراون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان دەدەم، ژنی بەرخەکە.»
[10] بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام، لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە.
[11] شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ.
[12] شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون.
[13] لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا.
[14] شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.
[15] ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت.
[16] شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون.
[17] شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا.
[18] بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف.
[19] بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود،
[20] پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت.
[21] دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.
[22] پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بە توانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون.
[23] شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی.
[24] نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن.
[25] دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت.
[26] شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن.
[27] هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.